دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٦٩٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شەش خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، بەڵام بۆ دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم چاوەڕوانی گەیشتنی تەواوی پارەکە دەکات.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ بەشی دووەمی پارەی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی شەش بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاودەکرێتەوە،
ئەگەرچی دوێنێ وابڵاوکرایەوە کە ئەوانەی مووچەکانیان خراوەتە سەر (هەژماری من) دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن، بەڵام دواتر بە بیانووی بڵاونەبوونەوەی لیستی مووچە، بڕیارەکە ڕاگیرا،
وەزارەتی دارایی هەرێم ٦٩٠ ملیار دیناری مووچەی لەبەر دەستە، بڕیارە ئەمڕۆ بڕی ٣٠٠ ملیار دیناری تری بۆ ڕەوانە بکرێت بۆ تەواوکاری پشکی هەرێم بۆ مووچەی مانگی شەش و دواتر خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە.