عەبدوڵڵا ئۆجەلان: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا دەڵێت " ئەگەر ئەم پرۆسەیە[پرۆسەی ئاشتی] لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت".
 
ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئەیلوول عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا  بۆ کۆنفرانسی "ئاشتییە سەختەکەی تورکیا" کە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە رێکخراوە رایگەیاند" ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان 'بە سەختی بەدەستخست'، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیێنینە ئەنجام."

 لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، "ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێی وەها دەستپێدەکات کە ژیانێکی دیموکراسیی پشتئەستوور بە ئاشتی، جێگەی جەنگ و کاولکارییەکان دەگرێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەشڵێت "پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە 'یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی' پێناسە دەکەم." 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت: "بەڕای من پەیوەندیی نێوان کوردانیش پێویستە هەر لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراسییانە بێت. بانگەواز لە تەواوی کوردان دەکەم بۆ ئەوەی لە زەوینەیەکی دیموکراسیدا کۆببنەوە و یەکبگرن."
 
پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی میتحەت سانجار، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە کۆنفرانسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو خوێندرایەوە. 
 
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
 
بەشداربووانی هێژا،
سڵاو و رێزتان ئاراستە دەکەم.
 
پیرۆزبایی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و بەتایبەتیش کە (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا) ناونیشانەکەیەتی. 
 
ئەم ناونیشانە رەنگدانەوەی راستییەکانە. لە ئەزموونی ٤٠ ساڵەی رابردووماندا چەندین جار لەڕێی ئەزموونی تاڵەوە، سەختیی ئەگەر و دۆخی بەدیهاتنی ئاشتیمان بینی. 
 
ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان 'بە سەختی بەدەستخست'، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیێنینە ئەنجام.
 
ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێی وەها دەستپێدەکات کە ژیانێکی دیموکراسیی پشتئەستوور بە ئاشتی، جێگەی جەنگ و کاولکارییەکان دەگرێتەوە. 
 
پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنێت کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە "یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی" پێناسە دەکەم. 
 
ئەم پرۆسەیەی بەڕێوەی دەبەین، بەم بنەمایە دەبەستمەوە و پێموایە سەرکەوتووش دەبێت.
 
بەڕای من پەیوەندیی نێوان کوردانیش پێویستە هەر لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراسیانە بێت. بانگەواز لە تەواوی کوردان دەکەم بۆ ئەوەی لە زەوینەیەکی دیموکراسیدا کۆببنەوە و یەکبگرن.
 
بەو هیوایەم کۆنفرانسەکەتان بە سەرکەوتوویی بەرێوەبچێت و لە ناخی دڵمەوە سڵاو و رێزتان پێشکێش دەکەم.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
دوورگەی ئیمراڵی




PM:02:21:01/09/2025