تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ دەڵێت"هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵمەتێكی تازەی لە دەستگیركردنی هاوڵاتیان ئەنجام داوە، جارێ نازانین تۆمەتەكانیان چین".
ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئەیلوول تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" دوێنێ، ٣١ی ئابی ٢٠٢٥، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، هەڵمەتێكی تازەی لە دەستگیركردنی هاوڵاتیان ئەنجام داوە، جارێ نازانین تۆمەتەكانیان چین و گووتەبێژی ئاسایشی سلێمانیش لەبارەی هۆكاری هەڵمەتەكەیان روونكردنەوەمان ناداتێ".
لە درێژەی راگەیەنراوەکەشیاندا هاتووە" تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، ناوی سیانی ٩ هاوڵاتی بۆ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی) ناردووە؛ كە دوو لایەنی خەمخۆرن بۆ چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، بە ئامانجی سۆراغی ئەو دەستگیركراوانە."
تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ دەشڵێت"نیگەرانە لە داخستنی دەرگای زانیاری لەبارەی كەیسی دەستگیركراوانی شەوی رابردوو بە تایبەت و كەیسی دەستگیركراوانی شەڕە خوێناوییەكەی گردی سەرچناری شاری سلێمانی لە ٢٢ی ئاب".