حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا

حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمارکرا کە ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵان و خەڵکی قەزای ئاکرێیە.

ئەمڕۆ دوو شەممە ١ی ئەیلول، حاڵەتێكی دیكەی تای خوێنبەربوون لە دهۆك تۆماركرا، كە ژنێكە و ئەمەش دەبێتە پێنجەم حاڵەت، كە لەمساڵدا تۆمار كرابێت و لەسەر ئاستی هەرێمیش دەبێتە ١٠ حاڵەت.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی هەرێم بڵاویكردەوە، تا ئێستا دوای بوونی چەندین حالەتی گومانلێکراوی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوانی ئەمساڵدا لەماوەی ڕابردوو، دەرەنجام تەنها ٩ حالەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە.

ڕوونیشی كرۆتەوە، دوو حاڵەت لەبەر قورسی باری تەندروستی گیانیان لەدەستدا و حاڵەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوونە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەم حاڵەتەی ئەمڕۆوە كۆی گشتی تووشبووان بە تای خوێنبەربوون لەمساڵدا لە هەرێم گەیشتۆتە ١٠ كەس.




PM:05:20:01/09/2025