كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق وادەی پەسەندکردنی ناوی کاندیدەکان رادەگەیەنێت

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەڵێت"پرۆسەی پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان (٣٠) رۆژ پێش رۆژی دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت".

سێشەممە ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥ رۆژنامەی سەباح-ی عیراقی لەزاری عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆن، بڵاویكردووەتەوە، پرۆسەی پەسەندكردنی ناوی كاندیدەكان (٣٠) رۆژ پێش رۆژی دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت كە رۆژی 9ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دیاریكراوە بۆ بەڕێوەچونی.

وتیشی:"پێشبینیش دەكرێت پەسەندكردنی كاندیدەكان لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمدا بە فەرمی رابگەیەندرێت."

لەلایەكی ترەوە، بەوتەی بەرپرسانی كۆمسیۆن، تائێستا زیاتر لە (٧٠٠) كاندیدی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دوورخراونەتەوە، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانكاری لەو ژمارەیەدا لەحاڵەتی گەڕاندنەوەی ژمارەیەك كاندید یان دوورخستنەوەی ژمارەیەكی تریان.  

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.





PM:02:01:02/09/2025