کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆتایی هات وبڕیار لەبارەی مووچەکانی هەرێم نەدرا

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی هات، بەڵام هیچ بڕیارێك بۆ مووچەی مانگەكانی ٧ و ٨ و دواتر نەدرا، ئەوەش بەهۆی كۆتایی نەهاتنی كارەكانی لیژنە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغدا سەرباری ئەوەی هەفتەیەك مۆڵەتیان بۆ دانرابوو.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیایدا ١٠ بڕیاری دەربارەی سێكتەرە جیاوازەكان دەركرد، بەڵام هیچ بڕیارێكی دەربارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەدا.

 لە كۆبوونەوەی هەفتەی پێشوودا، سودانی (مۆڵەتی هەفتەیەكی) دیاری كرد بۆ هەردوو لیژنەی هاوبەشی هەولێر و بەغدا " لیژنەی نەوت و لیژنەی داهاتی ناوخۆ" تاكو ڕێككەوتنی كۆتایی ئامادەبكەن تاكو ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی بكات و دواتر مووچەی مانگەكانی٧  و ٨ و دواتر خەرج بكرێت، بەڵام ئەمڕۆ هەفتەكە تەواو بوو، هیچ ڕێكككەوتنێك واژۆ نەكراوە تاكو بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ لیژنەی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا كۆبوونەوەی ئەنجام داوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن بەهۆی داواكاری كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم، كە داوای گرنتی " قەرزەكانی پێشوو لەگەڵ تێچووی ١٦ دۆلاری بەرهەمهێنان" دەكەن و كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ڕۆژی پێنج شەممە سەرباری پشوو، لیژنەی داهاتی ناوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا كۆدەبنەوە و ئەگەر تا هەفتەی داهاتوو بگەنە ڕێككەوتن، دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران.

لای خۆشیەوە، حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، سبەینێ‌ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئەنجام دەدرێت، كە تەوەرێكی تایبەت دەبێت بە پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەگەڵ شاندی دانووستانكاری هەرێم.



PM:09:08:02/09/2025