سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر رێكەوتنی هەسەدە و ئەحمەد شەرع وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت، توركیا دەستوەرانی سەربازیی دەكات.
دەوڵەت باخچەلی لە راگەیەنراوێك لەسەر رێكەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سوریا دەڵێت" پێویستە بزانرێت، ئەگەر ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت، دەستوەردانی سەربازی دەبێتە بژاردەیەکی هاوبەش و ناچاری بۆ دیمەشق و ئەنقەرە."
ناوبراو سەبارەت بە بانگەوازی ئاشتی كە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكەوە كرا دەڵێت، "هەسەدە و یەپەگە لەم بانگەوازە بێبەش و بەدەر نین، لە داهاتوویەکی نزیکدا باش دەردەکەوێ کە ئایا تەواوی باڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز لە تاقیکردنەوەی دڵسۆزی و راستگۆیی رێبەرەکەیان دەردەچن یان نا، پێویستە هەسەدە و یەپەگە دڵسۆزی نیشانی ئیمراڵی بدەن و بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ٢٧ی شوبات بجووڵێنەوە. ئەمە جگە لەوەی لە بەرژەوەندیی هەمووانە، زۆرترین سوود بە داهاتوویەکی بێ تیرۆر و ئارامیی ناوچەکە دەگەیەنێت."
دەوڵەت باخچەلی لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل هەمیشە هەوڵی دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی سووریا دەدات و وتی " ئاشکرایە کە هەسەدە/یەپەگە لەژێر رێبازی ئیسرائیلدان. مەزڵووم عەبدی، سەرۆکی یەپەگە لەو ڤیدیۆیەدا کە بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی گەنجانی رۆژئاڤا لە ئەڵمانیا ناردی، وتوویەتی، ئەگەری ئەوە هەیە ئاگربەستی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام نەبێ و ئەگەری روودانی رووبەڕووبەنەوە هەیە."
باخچەلی رایگەیاند" پێویستە هەسەدە/یەپەگە ئەو رێککەوتنەی رۆژی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ لەگەڵ دیمەشق واژۆی کردووە، بە تەواوی وەک خۆی جێبەجێی بکات. و وتیشی "بە پێچەوانەوە، پێویستە هەمووان بزانن کە بە ویستی هاوبەشی ئەنقەرە و دیمەشق، دەستوەردانی سەربازی دەبێتە ناچاری."