بوڵدان: پرسی رۆژئاوای کوردستان بۆ ئۆجەلان هێڵێ سوورە

پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری دەم پارتی داوا دەکات کۆمیسیۆنی پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کۆببێتەوە؛ دەشڵێت: پرسی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خودی ئۆجەلان، تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە و پێی ڕاگەیاندوون، کە بەلای ئەو هێڵی سوورن.

پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، ڕاگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە دیدارەکەی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هێڵی سوورن، لەلای ئەو گرنگییەکی تایبەتیان هەیە.

بە وتەی بوڵدان لە میانەی ئەو دیدارانەی لە ئیمراڵی کردوویانە، ئۆجەلان زیاتر باسی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردووە و کەمتر چووەتە نێو باس و پرسی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام چەند جارێک جەختی کردووەتەوە، کە ڕۆژئاوای کوردستان لای ئەو هێڵی سوورە.

سەبارەت بە کۆمیسیۆنی پڕۆسەی ئاشتی، پەروین بوڵدان دەڵێت: نابێت کەس بە هەڵە تێبگات، ئەو کۆمیسیۆنە بۆ چارەکردنی کێشەی کورد دانەمەزراوە، تەنیا بۆ قۆناغی چەکداماڵین و چەند بابەتێکی تایبەت بە پەکەکە دامەزراوە، کە ڕۆڵ و ئەرکی کۆمیسیۆنەکە جێگەی بایەخە.

ئەندامەکەی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی داوای کرد، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە، وتیشی: ئۆجەلان زۆر باس و بابەتی هەیە بۆ ئەوەی بە کۆمیسیۆنەکە بڵێت.




AM:11:54:03/09/2025