براو هاوسەری ئەو کەسەی ئاسایشی شێخان تۆمەتباریان کرد بە بازرگانی مادەی هۆشبەر، تۆمەتەکە رەتدەکەنەوەو ئاسایشیش بە دەستپێشخەری تەقەکردن تۆمەتبار دەکەن

شەوی ٢ ی ئەیلول لە شێخان لە رووبەڕووبوونەوەی کەسێک کە ئاسایشی تۆمەتباری دەکەن بە بازرگانی مادەی هۆشبەر دوو کارمەندی ئاسایش کوژران و، دواتر تۆمەتبارەکەش کوژراو چەند ئاسایشی دیش برینداربوون، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا برای کوژراوەکە هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوەو ئاسایش بە دەستپێشخەری تەقەکردن تۆمەتبار دەکات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رۆژی ٣ ی ئەیلول سازکرا برای ئەو تۆمەتبارە، رەتیدەکاتەوە کە هیچ داوایەکی یاسایی لەسەر براکەی هەبووبێت و بازرگانی مادەی هۆشبەربووبێت.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوەی بەرامبەر براکەی و خێزانی براکەی کراوە، تەنها کەسێکی بەرپرسەو ناکۆکی شەخسیەو پەیوەندی بە هیچی ترەوە نییە و ئەوان خێزانێکی قوربانیدەرن و بەشداری شەڕی داعشیان کردووە.

لەلایەکی ترەوە هاوسەری ئەو کەسە بە میدیایەکی نزیک پارتی راگەیاندووە کە هاوسەرەکەی پاکەو هێچ کێشەیەکی یاسایی لەسەر نەبووە.

هەروەها دەشڵێت هەر لەدەرەوەی هۆڵی ئاهەنگەکە کەوتینە کەمینی ئاسایشەوەو، هەر ئەوانیش تەقەیان کردو کچێکی ١٥ ساڵیم فیشەک بەر رانی کەوتووەو تا ئێستاش لە نەخۆشخانەیە.

ئەو ئافرەتە باس لەوەش دەکات کە ئۆتۆمبیلەکەیان چەندان گوولەی پێووەیە، لەو دەمەی کە تەقەشیان لێکراوە، بەپەلە لەگەڵ منداڵەکانی رایانکردۆتەوە دەرەوەی ئۆتۆمبیلەکەو دوور کەوتوونەتەوە.
 
ئاماژەش بەوە دەکات کە لەبەرچاوی خۆی هاوسەرەکەی بە گوولەی ئاسایش کوژراوە.

شەوی رابردوو شەڕێکی قورس لە شێخان لە نێوان هێزی ئاسایش و کەسێک کە وەک ئاسایش ناوزەدی دەکەن تۆمەتبارە بە بازرگانیکردن بە مادەی هؤشبەرەوە، روویدا، لە ئەنجامدا دوو ئاسایش و تۆمەتبارەکە کوژران و چەند ئاسایشێکی دیش برینداربوون.




PM:02:34:03/09/2025