" سپی " زانیاری ورد لە بارەی تەقەکردن لە هێمن مامەند بڵاودەکاتەوە
شەوی ٢ ی ئەیلول لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی بە مەبەستی " تیرۆرکردن " هێرشکرایە سەر رۆژنامەنووس هێمن مامەند و بریندار کرا، " سپی " زانیاری ورد لەسەر رووداوی هێرشەکردنەکە بڵاودەکاتەوە.
بەپێی بە دواداچوونی ماڵپەڕی " سپی " میدیا کە زیاتر لە سێ کەسی شایەتحاڵی وەرگرتووە، روودای هێرشکردنەکە بە دیاریکراوی کاتژمێر ٧:١٩ حەوت و نۆزەدە خولەکی تەواوی شەوی ٢ ی ئەویلول بووە.
هێمن مامەند چۆتە گەڕەکەی عەقاری ئەو راستە شەقامەی کە چەندان چێشتخانەی تێدایە، ئۆتۆمبیلەکەی لە کۆڵانی چاخانە ناسراوەکەی " بەکر " دا جێهشتووەو چوو بۆ نانخواردن، کە گەڕاوەتەوە ماوەیەک لەسەر شەقامەکە تەلەفونەکەی بە گوێووە بووەو هاتوچۆی کردووە، لە کاتێکدا کە دەچێتە کۆڵانەکەوەو کار بە ئۆتۆمبیلەکەی دەکات، ماتۆڕێک کە دوو کەسی بەسەرەوە بووە و هێلەکیان لەبەردابووەو کڵاوی ماتۆڕسواریان لەسەردا بووە( دەموچاویان بەهۆی کڵاوەکانیانەوە تەواو دیار نەبوون تا بناسرێن)، لەو دەمەدا کار بە ماتۆڕەکەیان دەکەن کە لەکەلاوەیەکی هەمان گەڕەکدا رایانگرتووەو بەرەو ئۆتۆمبیلەکەی هێمن دەجووڵێن و دەگەنە ئاساتی و چەند فیشەکێکی دەمانچەی پێوە دەنێن و بەبێ ئەوەی دابەزن لە ماتۆڕەکەیان زۆر بە خێرای شۆڕدەبنەوە بۆ کۆڵانەکەی عەقاری کە دەکەێتەوە بەرامبەر چاخانەکەی بەکرو هەڵدێن.
دواتر هێمن مامەند بە دەم برینەکەیەوە دەچێتە کۆڵانی پشتەوەی مزگەوتی نالی و خەڵک لێیکۆدەبنەوەو ئاگاداری هێزە ئەمنییەکان دەکەنەوە.
پاش ماوەیەک هێزە ئەمنییەکان؛ ئاسایش و پۆلیس دەگەنە شوێنی رووداوەکە و هێمنیش دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەپێی زانیارییەکانی " سپی " ئاسایش و پۆلیس لەسەر لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان دەبێتە مشتومڕیان و لە کۆتایدا بەڵگەکان لەلای ئاسایش کۆدەکرێنەوە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی فەرمی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لەسەر ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بڵاونەکراوەتەوە، هێمن مامەندیش باری تەندروستی لە ئێستادا جێگیرە.
PM:03:19:03/09/2025