دوای مانگێک لە سازنەدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ئامادەبوونی سەرۆک و جێگرەکەی کۆبوونەوەو باسیان لە رووداوەکانی لالەزار و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان وەفدی بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی مووچە و نەوت کرا.
بەپێی راگەیاندنی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەكۆبوونەوەکەدا " بە وردی باسی رووداوەكەی رۆژی ٢٢ی ئابی سلێمانی كرد و ئاماژەی بەوەكرد؛ هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە لە سلێمانی دروستبكرێت و لەچوار كاتی جیاوازدا پیلان هەبوو بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان".
راشیگەیاندووە" ئەوەی لەسلێمانی كرا پووچەڵكردنەوەی پیلانی ئاژاوەگێڕیی و چەسپاندنی یاسا بوو، لەئێستاشدا رێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ یەكلاكردنەوە ئەو بابەتە".
لە بارەی ئەو رووداوەوە سەرۆکی حکومەت وەک هاتووە "نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی، کە بەداخەوە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەس ، سەرۆک وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێن نەک توندوتیژی".
وەک لە راگەیاندنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە لەبارەی دانوستانی نێوان بەغداو هەولێر بووەو ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپاردووە کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان کە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی ئەنجام بدرێت و، هاتووە" بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و پەلە بکەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لە پێناوی هەرچی زوودەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. هاوکات دووپاتی کردەوە، هەرێم بە زیادەوە کارئاسانی بۆ لابردنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت کردووە". ئەنجوومەنەکە لە بارەی مووچەوە دەڵێت" پێویست بوو مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، تێکەڵی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت نەکرێت".
هەروەها باس لە ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، دەربارەی دۆسیەی پۆڵێن ودەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم، و دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لەیەکترگەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.
هەریەک لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە هەردوو بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان خستەڕوو.