ئەنجوومەنی وەزیران شاندی هەرێمی ڕاسپارد بەرەو بەغدا بڕۆن و ڕێککەوتن لەسەر هەناردەی نەوت و داهاتەکان یەکلایی بکەنەوە.
چوارشەممە ٣ی ئەیلول ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و ئەنجامی سەردانی شاندەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا کەتایبەتبوون بە ڕێککەوتن لەسەر داهاتی نانەوتی و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت توتوێ کرا، و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاندووە، ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان و داوا دەکات مووچە تێکەڵی ناکۆکییە سیاسییەکان نەکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند کە شاندێکی هەرێم ئەمشەو بەرەو بەغدا ڕێدەکەوێت.
لای خۆشییەوە میدیای پارتی ئاشکرای کرد کە شاندی هەرێم پێکهاتوون لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمشەو بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون، و بڕیارە سبەینێ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە.