دەستەی پەروەردەو فێركردن لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، ڕۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە حکومی و ئەهلییەکانی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی ئاگادار کردووەتەوە لە بڕیاری یەکخستنی پرۆگرامی خوێندنی پەسەندکراو لە ناوچەکەیان، هاوکات هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی وانە وتنەوەی حکومەتی کاتی سووریا.
بەپێی "ئاژانسی وڵات" بڕیارەكە لە کۆبونەوەیەکدا کە رۆژی چوارشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بەڕێوەچووە، بە ستافی پەروەردەیی راگەیەندراوەـ تێیدا ئیدارەی خۆسەر جەختی لەوە کردووە، چیتر پرۆگرامی خوێندنی دەوڵەتی سوریا لە هیچ قوتابخانەیەک لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نا خوێندرێت.
سەرچاوە پەروەردەییەكان لە ئیدارەی خۆسەر دروستی بڕیارەکەو گشتاندینان بۆ قوتابخانە جۆراوجۆرەکان پشتڕاستکردەوەو رایانگەیاندووە، بەبێ جیاوازی بەسەر هەموو قوتابخانەکاندا جێبەجێ دەکرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئیدارەی خۆسەر بە فەرمی رایدەگەیەنێت.
لە چەند مانگی رابردوودا دۆسیەی پەروەردە بووە بابەتی گفتوگۆو دانوستان لە نێوان ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی کاتی سوریا بەبێ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش سەبارەت بە پرۆگرام و دانپێدانان بە بڕوانامەکان و ئیدارەی دامەزراوەکانی خوێندن لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر.