عێراق ئه‌و لایه‌نانه‌ ئاشكراده‌كات كه‌ هێرشی‌ درۆنییان بۆ سەر هەرێم ئه‌نجامداوه

بە وتەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئەو لایانانە ئاشکرا کراون کە لەچەند مانگی ڕابردودا بەدرۆن هێرشیانکردەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێم. دڵنیاییش دەدات لەوەی سنورێک بۆ هێرشەکان دانراوەو دوبارە نابنەوە.

لە ماوەی ڕابردودا چەندینجار بەدرۆن هێرشکرایەسەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان‌و زیاتریش ژێرخانی وزەو کێڵگە نەوتییەکان بەئامانجدەگیران. لەمبارەوە قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە لیدوانێک بۆ کەناڵی شەرقییە باسی لەوەکرد، "سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی بەسەرۆکایەتیی ئێمە پێکهێناو ئێمەش سەردانی شوێنە بەئامانجگیراوەکانمان کردو بەڵگەکانمان کۆکردەوە، ڕاپۆرتی کۆتایی خۆشمان بەواژۆی سەرجەم ئەندامانی لیژنە تەواوکرد، لەڕاپۆرتەکەدا هەموو لایەنە (هێرشکارەکان)مان بەوردی دیاریکردوە".

وتیشی، "ئامانجی ئێمە سەرەتا ئارامییە دواتر چارەسەر، سنورێکیش بۆ ‌هێرشەکان دانراوەو ئێمە حکومەتین دەزانین کە چۆن بەدانایی، عەقڵانیی، گفتوگۆو دیپلۆماسییەت مامەڵە بکەین، ئەوەش کارنامەی حکومەتە، پشت بەخوا لەمەودواش هیچ هێرشێک ڕونادات، ئەوەی هاوڵاتیان لەئارامیی‌و ئاسایش لەئێمەیان دەوێت بۆیان دابیندەکەین".




PM:02:21:04/09/2025