پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بارانی باش ببارێت


لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هاتنی وەرزی پایز و زستانی نوێ، کەشناسان پێشبینییەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە، لە ئێستاشدا ژمارەیەک پسپۆری ئەو بوارە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بارانێکی زۆر ببارێت.

كەناڵی سۆمەریە نیوز لە راپۆرتێکیدا لەسەر وشکەساڵی و پێشبینی بارانبارینی ئەمساڵ لە زاری شارەزایانی ئەو بوارەوە دەڵێت "بە پێی پێشبینییەکانی شارەزایانی کەشناسی عێراق، ئەمساڵ زووتر لە وادەی خۆی وەزری بارانبارین دەستپێدەکات".

هەروەها هاتووشە" تەواوی کانیاو و ڕووبارەکان و سەرچاوە ئاوییەکانی دیکە دەبوژێنەوە و کۆتایی بە وشکەساڵی دێت".

هەر بە پێی پێشبینییەکان، ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە ماوەی دوو هەفتەدا و لە یەکەم بارانبارین بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە بە خۆیەوە دەبینێت.

بەشێکی زۆری شارەزایانی کەشناسی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن: وەرزی بارانی داهاتوو باش دەبێت و ساڵێکی باراناوی دەبێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کەشوهەوای زەریای جەمسەری باکوور و زەریای ئەتڵەسی لە بەرژەوەندیی ناوچەکەدا دەبێت.




PM:11:46:05/09/2025