لە دوای هەڕەشەکانی سەرۆکی مەهەپە، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا، لە وەڵامیدا دەڵێت" هەر هێرشێک یان ئەگەری روودانی شەڕێک، رەنگە ببێتە چەخماخەی پێشوییەكی گەورە لە سەرانسەری وڵات".
ئیلهام ئەحمەد، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەری"نومیدیا ٢٤" رایگەیاند" نەبوونی رێگەچارەی سیاسی و گوتاری هەڕەشە ئامێز، هەوڵەکانی دیالۆگ تێکدەدات و سەقامگیری لە سوریا دەخاتە مەترسییەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، رێبازی بونیادنەری هێزە نێودەوڵەتییەکان بەشدار دەبێت لە ئاشتی، بەڵام هەڵكشان دەرگاكانی ئاژاوە دەکاتەوە.
ئیلهام ئەحمەد، هۆشداریشیدا لەوەی، لێدوانەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی ئەو لێدوانانەی لەلایەن سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی دراوە، زەنگی مەترسیی شەڕێكی ناوخۆی سەرتاسەرییەو ئەو شێوازە ئاخاوتنە دوژمنکارانەیە، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریاو ناوچەکە ناکات.
ئاماژەی بەوەشکرد: گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بەردەوامە سەرەڕای نەبوونی ئەنجامێكی بەرجەستە، پرۆسەی سیاسی تەنها بە ئیرادەی خودی سوریاییەکان و پشتیوانیی بونیادنەری نێودەوڵەتی سەرکەوتوو دەبێت.
ئیلهام ئەحمەد، داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد لەبری ئەوەی گرژییەکان زیاتر بکەن، پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەن، جەختیشی لەوە کردەوە، ئیرادەی سورییەکان کلیلی چارەسەرە.
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، "هەسەدە و یەپەگە لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بێبەش و بەدەر نین. لە داهاتوویەکی نزیکدا باش دەردەکەوێ کە ئایا تەواوی باڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز لە تاقیکردنەوەی دڵسۆزی و راستگۆیی رێبەرەکەیان دەردەچن یان نا. پێویستە هەسەدە و یەپەگە دڵسۆزی نیشانی ئیمراڵی بدەن و بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ٢٧ی شوبات بجووڵێنەوە. ئەمە جگە لەوەی لە بەرژەوەندیی هەمووانە، زۆرترین سوود بە داهاتوویەکی بێ تیرۆر و ئارامیی ناوچەکە دەگەیێنێت."
باخچەلی رایگەیاند" پێویستە هەسەدە/یەپەگە ئەو رێککەوتنەی رۆژی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ لەگەڵ دیمەشق واژۆی کردووە، بە تەواوی وەک خۆی جێبەجێی بکات و وتی"بە پێچەوانەوە، پێویستە هەمووان بزانن کە بە ویستی هاوبەشی ئەنقەرە و دیمەشق، دەستوەردانی سەربازی دەبێتە ناچاری."