لەبارەی دەرکردنی دوو بەیاننامەی مافی مرۆڤ لەسەر لالەزار، سەرۆکی دەستەکە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە


دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رۆژی هەینی ٥ ئەیلول لە راگەیاندنێکدا لەبارەی رووداوی لالەزارەوە ئاماژەی بەوە کرد کە بێ سەروشوێن هەیە لەو رووداوەدا، هەروەها ئەشکەنجەدان هەیە، دەستگیرکردنی لایەنگرانی لاهور جەنگیش ئەنجام دەدرێت، دوو ئەندامی دەستەکە لە راگەیاندنێکیدیدا ئەم زانیاریانەیان رەتکردەوە، ( کێشە بوو بە کێشەی نێوان نوێنەرانی پارتی  و یەکێتی)، ئەمشەویش سەرۆکی دەستەکە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە. 

لە راگەیاندنەکەی مۆنا یاقۆ سەرۆکی دەستەدا هاتووە" لە بەرامبەر هیچ روداوێکدا بێ دەنگ نەبوین، زۆر جار دیدار و سەردانەکانمان دور لە چاوی کامیراکان بووە، چونکە ئامانجی سەرەکیمان هەمیشە دەستنیشانکردنی پێشێلکاریەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بووە".

سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەربارەی دەرکردنی دوو بەیاننامەی جیاواز بە ناوی دەستەوە، سەبارەت بە ڕوداوەکانی لالەزار، دەڵێت" من ئەکادیمستێکی سەربەخۆم، لە هیچ قۆناغێکی ژیانمدا سەر بە هیچ حیزبێك نەبومە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجم لە کارکردن لە دەستەی مافی مرۆڤ، پراکتیزەکردنی پسپۆڕییەکەم و خزمەت کردنی هاوڵاتیان بوو دور لە حیساباتی سیاسی".
 
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

مۆنا یاقۆ، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نوسیویەتی: دەربارەی دەرکردنی دوو بەیاننامەی جیاواز بە ناوی دەستەوە، سەبارەت بە ڕوداوەکانی لالەزار، دەمەوێت ئەوە ڕون بکەمەوە:
1- من ئەکادیمستێکی سەربەخۆم، لە هیچ قۆناغێکی ژیانمدا سەر بە هیچ حیزبێك نەبومە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجم لە کارکردن لە دەستەی مافی مرۆڤ، پراکتیزەکردنی پسپۆڕییەکەم و خزمەت کردنی هاوڵاتیان بوو دور لە حیساباتی سیاسی.
2- لە ماوەی چوار ساڵ زیاتر لە کارکردنم لە دەستە، بە پەرۆش بووین بۆ جێگیرکردنی پرەنسیپی یەکڕیزی، و کارکردن بە شێوەیەکی تەواو بێ لایەنانە، بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بەدوداچونی کێشەکان لە شارە جیاجیاکانی هەرێمدا.
3- کارەکانمان لە سەر بنەمای بانگەشەی میدیایی یا شوێنکەوتنی خواستەکان نەبوە، بەڵکو لە سەر بنەمای چاودێری کردنی مەیدانی جددی بووە، زۆر جار دیدار و سەردانەکانمان دور لە چاوی کامیراکان بووە، چونکە ئامانجی سەرەکیمان هەمیشە دەستنیشان کردنی پێشێلکاریەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بووە، نەك تۆمار کردنی هەڵوێستی کەسی و قارەمانێتی. لەسەر بنەمای قەناعەتێکی پتەو، پێوەرە سەرەکییەکەمان ڕازیکردنی ویژدانمانە بووە نەك هیچ لایەن و کیان و تاکێك. 
4- لە بەرامبەر هیچ روداوێکدا بێ دەنگ نەبوین، بەڵکو دەستمانکردوە بە پەیوەندی لە گەل لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاپۆرت و نوسراو و تێبینیەکانمان بابەتیانە و شەفافانە بۆ ناردون.
بۆیە نابێت جددیەتی کارەکانمان تەنها بەو شتانە بپێورێت کە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە.
5- کاتێك ڕوداوەکانی لالەزار ڕویدا، من لە مۆڵەتی فەرمی بوم، و هاوکارەکانم ڕاسپارد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بابەتەکە بکەن.
ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ سەر کارەکەم، دەستپێشخەری داواکارییەکی فەرمیم کرد بۆ سەردانی گیراوانی سلێمانی، بە پلەی خۆم وەک سەرۆکی ده سته و کەسایەتییەکی سەربەخۆ، هەروەها لەبەر ئەوەی ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان داوای ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە کردبوو. 
هەروەها ئەمەش لە وەڵامی داواکارییەکانی بنەماڵەی دەستگیرکراوەکاندا بوو، بێ ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی حیزبیەوە هەبێت. هەروەها هەماهەنگیەك ئەنجامدرا لەگەڵ هاوکارانێك کە پاشخانی سیاسی تایبەتیان هەیە بۆ ئاسان کردنی ڕێکخستن و ڕێکارەکان.
لە کۆتاییدا 
ڕێز و حورمەتی خۆمان بۆ هەموو هاوکاران و هەموو لایەنە حزبییەکان دووپات دەکەینەوە. ئێمە ئەوەی ڕوویدا لە زووترین دەرفەتدا پێکەوە باسی دەکەین، وەک داب و نەریتی خۆمان له دهسته، هەروەها پابەندبوونمان بۆ بەهێزکردنی کردەوەی هاوبەش دووپات دەکەینەوە، هیوادارین کێبڕکێ لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ دەستەکەمان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بێت، نەک ئەوەی ده سته بکرێتە لایەنێک لە هەر ململانێیەکی سیاسیدا.
ئەو متمانەیەی لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەموو سکاڵاکاران بەدەستمان هێناوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی عێراق، نوێنەرایەتی سەروەت و سامانێکی بەنرخ دەکات کە لە هیچ بارودۆخێکدا بەفیڕۆ نادرێت.




PM:10:33:06/09/2025