بەهۆی مەرەزەکردنەوە لە سنووری گەرمیان ٧ جووتیار دەستگیر کران.
موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی گەرمیان رایگەیاند" لەبەر کەمبارانیی ساڵی رابردوو، پێشتر جووتیارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت مەرەزە بکەن، بەڵام ١٩ جووتیار سەرپێچییان کردووە و مەرەزەیان کردووە".
ئاماژەی بەوەشکردوە کە جووتیارەکان لەسەر پڕۆژەی ئاوی باڵەجۆ لە گەرمیان مەرەزەیان کردووە کە سەرچاوەی ئاوی ١٩ گوندی سنووری کەلار، خانەقین و دەوروبەرە.
بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان دەڵێت" لەو ١٩ جووتیارەی سکاڵا دژیان تۆمارکراوە، ٧یان دەستگیرکران و دوای رۆژێک بە دانانی کەفالەت ئازادکران"دۆسیەی هەموویان لە دادگەیە".
وتیشی "ئەو کارەمان قەدەخەمان کردووە، چونکە کەمئاوییە، مەرزەش لە رۆژی یەکەمیەوە دەبێت ئاوی لەسەربێت تاوەکو ١٠ رۆژ پێش دروێنەکردن، ئەوەش ئاوێکی زۆری پڕۆژەکە بەهەدەر دەدات".
مەرەزە کە چاندنی برنجە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان سەرەتای مانگی ٦ دەستپێدەکات و بەرهەمەکەی دەکەوێتە نێوەڕاستی مانگی ١٠ەوە.