وەزارەتی پەروەردە ڕۆژی ٧ی ئەیلول ڕایگەیاند'' ڕۆژی یەکشەممە ٢١ ی ٩ ی ٢٠٢٥ وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دیاریکرا.''
وەزارەتەکەش دەڵێت'' خشتەی بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) پەسەندکراوە، پاشتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.''
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٧ ی ٩ ی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێکی پەروەردەیی وەک تاقیکردنەوەی دەرەکی و ڕیفۆرمی قۆناغی ئامادەیی و هەڵسەنگاندنی دەرەکی، هاوکات ئەنجومەنی وەزارەت ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) ی پەسەندکرد.
تیایدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ ی ٩ ی ٢٠٢٥ وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دیاریکرد بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن، دواتر وردەکاری ساڵنامەکە بە گشتاندنێک لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزارەت لە کۆبوونەوەکەدا خشتەی بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) پەسەندکرد، پاشتر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.