وەزارەتی دارایی و ئابوری: داوا لە بانکی تی بی ئای دەکەین ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی بگرێت

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان یەک شەممە ٧ی ئەیلول ڕایگەیاند'' نیگەرانین لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتە بەردەم هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لە کاتی وەرگرتنی موچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای)'' 

وەزارەتەکە دەڵێت '' داوا لە بانکی تی بی ئای دەکەین ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی بگرێت و دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لە ژێرخانەکەی تاکو ڕێگری بکات لە دووبارەبونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە"

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لەبارەی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای) :
وەزارەتی دارایی و ئابوری نیگەرانە لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبووە بەردەم هاووڵاتییانی شاری سلێمانی لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای). 

ئەم مانگە، نزیکەی ٢٤ هەزار مووچەخۆر مووچەکانیان لە ڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن، لەنێوان ١ تاکو ٣ـی ئەیلوول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٧ ملیار دیناری گواستۆتەوە بۆ بانکی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکی ناوبراو. 

وەزارەتی دارایی و ئابوری داوا لە بانکی تی بی ئای دەکات، وەک تاکە بانکی حکومیی پڕۆژەکە، ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی. 

بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لقەکانی بانکی تی بی ئای و ستافەکەی دەکات کە زیاتر لە کاتی ئاسایی دەوامەکانیان کار بکەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی تەواوی هاووڵاتییان بەبێ کێشە دەستییان بە مووچەکانیان دەگات، هەروەها تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لە ژێرخانەکەی تاکوو ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە. 
وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە کارکردنی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و سەردەمییانە لە پڕۆژەی (هەژماری من) پێشکەشی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.




PM:09:41:07/09/2025