وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هێشتا هەڕەشەکانی داعش بەردەوامن و بەرەنگاری قاچاخچێتیش دەبنەوە و ڕاشیگەیاند"لە عێراقەوە درۆن ئاڕاستەی هەرێم دەكرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەمانەوێت پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا هەبێت.
وتیشی" هێشتا هەڕەشەی داعش لەناو نەوچووە و لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان چالاکن و هێزەکانمان بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمان بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعشدا".
وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند" بەردەوام کار دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی کە هۆکارە بۆ ناسەقامگیری ئاسایشی ئابووریمان".
ڕێبەر ئەحمەد جەختیکردەوە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا هەیە و"حکومەتی هەرێم دەیەوێت هاوبەشی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت".
ئاشکراشی کرد کە لە عێراقەوە درۆن ئاڕاستەی هەرێم دەكرێت، بۆ كردنە ئامانجی ژێرخان و هاوڵاتیانی سڤیل، ئەمە دەكرێت ببێتە هەڕەشە لەسەر ناوچەكە.
وتیشی" دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەین بۆ سەقامگیری ژێرخانمان و دەمانەوێت لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە هاوبەشی بکەین، کە ئەو هاوبەشییە نەک تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو خەڵک و سامانی ئەمریکاش دەپارێزێت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن".