گەرمیان.. کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ کوژرا

پۆلیسی گەرمیان ڕای-گەیاند، شەوی ڕابردوو دوو برا چوونە سەر ماڵێک کە پێشتر کێشە لەنێوانیان هەبووە و بە چەقۆ هێرش دەکەنە سەر ئەندامانی خێزانەکە و کچێکی تەمەن ٢١ ساڵ گیانی لە دەستدا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی گەرمیان، شەوی ڕابردوو لەگەڕەکی ئیمام محەمەد لە شارۆچکەی کفری دوو گەنج کەبرای یەکترن دەڕۆنە سەر ماڵێک کە پێشتر کێشە لە نێوانیان هەبوە بەچەقۆ هێڕش دەکەنە سەر ئەندامانی خێزانەکە.

باسی لەوەشكردووە: لە ئەنجامدا کچێکی ئەو ماڵە بەناوی (ئاڵا عەباس حەمید) لە دایکبووی ٢٠٠٤ گیانی لەدەستدا و دایک و باوک و برایەکی برینداربوون.

ئەوەشی وتووە" دوای چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانەی شەهید هەژار لەکەلار دوو لەبریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون".

 پۆلیسی گەرمیان دەشڵێت" لە ئێستادا پۆلیس لەسەر ڕووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردوە و یەکێک لە تۆمەتباران دەستگیرکراوە و بەپێی مادەی ٤٠٥ بەند کراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباری دووەم دەرچووە".



PM:12:09:08/09/2025