جەلالی ساماغا وەڵامی مایکڵ ڕۆبن دەداتەوە


لە وتارێکدا توێژەری دیاری ئەمەریکی، مایکڵ رۆبن کە لە ماڵپەڕی پەیمانگای ئینتەرپرایزی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بدرێتە کەسایەتییەکی سەربەخۆی کورد، نەک بدرێتە پارتێکی سیاسی، جەلالی سام ئاغا کە یەکێکە لەو چوار کەسایەتییەی ناوی هاتووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.

لەو روونکردنەوەیەدا کە رۆژی ٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٥ جەلال سامائاغا کۆپیەکی ناردووە بۆ ماڵپەڕی " سپی میدیا " هاتووە " لەڕۆژی ٢٧ ی ئابی ٢٠٢٥ ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی مایکڵ ڕۆبن لە وتارێکدا لە ماڵپەری پەیمانگای ئینتەرپرایزی ئەمریکی وتارێکی بڵاوکردووەتەوەو ناوی بەندەی وەک یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هێناوە، لێرەوە دەمەوێت سوپاسی بکەم و وەڵامی خۆشمی لەسەر ئەو پێشنیازە بدەمەوە".

لە درێژەی روونکردنەوەکەدا جەلال سام ئاغا دەشڵێت " سەرەڕای سوپاس و پێزانینم بۆ مایکڵ ڕۆبن و پێشنیازەکەی، بەڵام دەمەوێت ئەوەی پێ بڵێم کە هیچ پۆست و پلەیەک ناتوانێت ڕێگە لەو پەتا کوشندەیەی گەندەڵی بگرێت کە ساڵانێکی زۆرە عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە".

هەروەها لە روونکردنەوەکەدا دەشڵێت " پاش سەرفکردنی ساڵانێکی زۆری تەمەن لە بەگژاچونەوەی گەندەڵی لەڕێگای کاری پیشەییم وەک بەرێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی و دواتریش بەهەوڵ و کاری مەدەنیی و میدیایی و بەخشینی سەرجەم سەروەتی خۆم و خانەوادەکەم بۆ خزمەتێکی بچوکی هاوڵاتیان، نامەوێت لەم کۆتایی تەمەنەمدا هیچ نەنگی و لەکەیەک دوای ناوی خۆم و خانەوادەکەم بخەم بەهۆی وەرگرتنی پۆستێکەوە".

دەقی روونکردنەوەکەی جەلالی ساماغا وەڵامی مایکڵ ڕۆبن دەداتەوە

لەڕۆژی ٢٧ ی ئابی ٢٠٢٥ ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی مایکڵ ڕۆبن لە وتارێکدا لە ماڵپەری پەیمانگای ئینتەرپرایزی ئەمریکی وتارێکی بڵاوکردووەتەوەو ناوی بەندەی وەک یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هێناوە، لێرەوە دەمەوێت سوپاسی بکەم و وەڵامی خۆشمی لەسەر ئەو پێشنیازە بدەمەوە.

وتارەکە بە ناونیشانی (پۆست سەرۆک کۆماری عێراق پێویستە بدرێتە کوردێک نەک پارتێکی سیاسی) لە ماڵپەری پەیمانگاکە بڵاوکراوەتەوەو مایکڵ ڕۆبن لەپاڵ ناوی سێ کەسایەتی سەربەخۆی تر بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ناوی بەندەشی هێناوە.
سەرەڕای سوپاس و پێزانینم بۆ مایکڵ ڕۆبن و پێشنیازەکەی، بەڵام دەمەوێت ئەوەی پێ بڵێم کە هیچ پۆست و پلەیەک ناتوانێت ڕێگە لەو پەتا کوشندەیەی گەندەڵی بگرێت کە ساڵانێکی زۆرە عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

ئەم پەتای گەندەڵییە کە سەرجەم جومگەکانی ژیانی لە هەرێم و عێراق وێرانکردووە، بە وەرگرتنی پۆستێک چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی و لە ڕەگ دەرکێشانی گەندەڵکاران و دەست و پێوەندەکانیانە.

لە ساڵانی ڕابردووشدا پێشنیازی کاندیدبونم بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم گەنگەشەکرابوو، بەڵام ئەوکاتیش هەر ڕای ئێستام هەبوو، کە وەرگرتنی پۆستێک هیچ لە دۆخی هاوڵاتیانی هەرێم ناگۆڕێت و توانای بەرەنگاربونەوەی پەتای گەندەڵی نابێت.

پاش سەرفکردنی ساڵانێکی زۆری تەمەن لە بەگژاچونەوەی گەندەڵی لەڕێگای کاری پیشەییم وەک بەرێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی و دواتریش بەهەوڵ و کاری مەدەنیی و میدیایی و بەخشینی سەرجەم سەروەتی خۆم و خانەوادەکەم بۆ خزمەتێکی بچوکی هاوڵاتیان، نامەوێت لەم کۆتایی تەمەنەمدا هیچ نەنگی و لەکەیەک دوای ناوی خۆم و خانەوادەکەم بخەم بەهۆی وەرگرتنی پۆستێکەوە.
ڕێز و خۆشەویستیم بۆ مایکڵ ڕۆبن و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانەی باسیان لە هەر بەربژێربونێکم کردووە بۆ هەر پۆستێکی باڵا، بەڵام قسەی کۆتایی من هەر ئەوەیە لە پێشوودا کردوومە و دەیکەمەوە، عێراق و هەرێم لەنێو پەتای گەندەڵیدا غەرقبوون، پۆستێک هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. هیوادارم ئەم ڕەشبینییەی من هەڵە بێت و کەسێک یان لایەنێک بتوانێت داهاتووی هەرێم و عێراق بگۆڕێت.

ڕێز و خۆشەویستیم...

جەلالی عومەری ساماغا
٥ ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥




PM:03:01:08/09/2025