تاوەکو ئێستا هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن و ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت: عێراق دەکەوێتە قەیرانی ئابوورییەوە.
دووشەممە ٨ی ئەیلول جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند"پێویستە هەولێر و بەغدا چارەسەرێک بۆ مووچە و کێشەکانی دیکەی نێوانیان بدۆزنەوە، بابەتەکە هەرچەند درێژە بکێشێت ئەوا کێشەکان زیاتر دەبن، بۆیە هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر شێوەیەک بێت بابەتی مووچە یەکلایی بکاتەوە".
بە وتەی جەمال کۆچەر، عێراق دەچێتە قەیرانێکی ئابوورییەوە و نابێت مووچە ببێتە بابەتی ڕێککەوتنی ئەم مانگە و مانگەکانی داهاتوو، بەڵکو پێویستە بە تەواوی چارەسەر بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بەتەواوی یەکلایی ببێتەوە.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق دەشڵێت"باشترین کار کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیکات، ئەوەیە بەر لەوەی عێراق بچێتە نێو ئەو قەیرانە ئابوورییەوە، بەزوویی تەواوی کێشەکانی بەردەم مووچە چارەسەر بکات."