دارایی هەرێم، بانكێكی لە پڕۆژەی هەژماری من دوور دەخاتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم، بانكی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە پڕۆژەی هەژماری من دوورخستەوە.

دووشەممە ٨ی ئەیلوول وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە بانکی پەرەپێدانی نێوەدەوڵەتی (IDB) لەمەودوا بەشێک نابێت لە پڕۆژەی هەژماری من بەهۆی سنووردارکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانی بانکی ناوبراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق لەڕووی مامەڵەکردن بە دۆلار.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو مووچەخۆرانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە بانکی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) تۆمارکراون، لە ڕێگەی سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من پەیوەندییان پێوە دەکرێت و ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی گواستنەوەی هەژمارەکانییان بۆ یەکێک لە بانکەکانی دیکەی ناو پڕۆژەکە.

جەختیشی كردۆتەوە، پڕِۆژەی هەژماری من بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حەوت لە بانکە هاوبەش و ڕێگەپێدراوەکان کە تەواو پابەندن بە ڕێنمایی و پێوەرەکانی بانکی ناوەندی عێراقی و توانای مامەڵەکردنیان بە دۆلار هەیە، کە ئەمەش ڕێگە بە سوودمەندانی پڕۆژەی هەژماری من دەدات لەوەی کارتە بانکییەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق بەکاربهێنن.

لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی (هەژماری من)ی ڕاگەیاند وەک بەشێک لە دیدگا و ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی گشتگیری دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پارەی نەختینە (کاش).
شایانی باسە لە ئێستادا زیاتر لە ٩٠٠،٠٠٠ مووچەخۆری حکومی خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من.




PM:05:53:08/09/2025