ئێران تەواوی دەروازە نافەرمییەکان لەگەڵ عێراق دادەخات، بەهۆی کاریگەرییە ئەمنی و ئابورییە نەرێنییەکانی لەسەر هەردوو وڵات.
دوو شەممە ٨ی ئەیلول لە میانی پێنجەمین کۆبونەوەی دەستەی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکان، چەند پرسێکی هاوبەشی تاوتوێ کردووە، لەسەرو هەموویانەوە، تاران هیچ دەروازەیەکی نوێ بەبێ راوێژ بە عێراق نەكاتەوە.
دەستەی دەروازە لە راگەیەنراوێکدا، دەڵێت” بەشداربوانی کۆبونەوەی دەستەی دەروازە سنورییەکان لەگەڵ ئێران رێككەوتون لەسەر ئەوەی لایەنی ئێرانی بەبێ راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە نوێنەرایەتی دەستەی دەروازە سنورییەکان هیچ دەروازەیەکی سنوری نوێ ناکاتەوە و دروستناكات.”
هەروەها، هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەهێزكردنی چاودێری و بەدواداچوون و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری و ئەمنی بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵە گوماناویەکان لە دەروازە سنورییەکان، بۆ رێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی ئەو کەس و کەلوپەلانەی کە مەترسی ئەمنی دروست دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە عێراق چەندین جار ناڕەزایەتی دەبڕیوە بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی دەروازەی نایاسای کە بوونی هەیە.