سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ شەممە ٩ی ئەیلول ڕایگەیاند'' هیوادارین بە زووترین کات کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.''
مەسرور بارزانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەلێت'' ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە و هەموو جارێکیش باسمان کردووە، کە هیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن بەڵام هەموو جارێکیش دەبینین کە کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە کە هەمیشە هەوڵمان داوە زۆر زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین.''
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە لای ئێمە گرنگە بەختەوەریی خەڵکی کوردستانە، ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی کوردستانە، بەردەوامبوونی پێشکەوتنی ئابووریی هەرێمی کوردستانە لەبەر ئەوە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە دەیکات و بەردەوامیش دەبێت.
مەسرور بارزانی وتیشی'' ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردەوام دان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی و لەسەر داهاتە نانەوتییەکان تەقریبەن گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێگەیشتن.'' جەختیشی کردەوە لەوەی، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند : "من هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئامادەبووم بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام دەبێت هاوبەشەکانی تریشمان ئامادە بن، هەر وەختەک ئامادەبوون، ئینشائەڵڵا حکوومەت پێک دەهێنین."
ئەوە لەکاتێکدایە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە فەڕەنسا ڕایگەیاندبوو بە دەستپێشخەریەک بەزوترین کات بۆ پێکهێنانی حکومەت دەگەڕێتەوە کوردستان، بەڵام ئەم لێدوانەی سەرۆکی حکومەت بە دروستکردنی بەربەست بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی لێکدەدرێتەوە، بەو پێیەی ئاماژەیە بۆ دواکەوتنی زیاتری پێکهێنانی حکومەت
.