وەزارەتی پەروردەی رۆژی ٢١ی ئەیلول دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن دیاری کردوە و مامۆستایانی نارازیش دەڵێن "ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن تاوەکو مووچەکانیان پێنەدرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند، "بارودۆخەکە نائاساییە و دابەشکردنی مووچە سێ مانگ دواکەوتووە، ئەمەش کاریگەری خۆی هەیە لەسەر هەموو فەرمانبەران و مامۆستایان و چین و توێژە جیاوازەکان و پرۆسەی پەروەردە دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئومێدەوارین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامی دەدات لەگەڵ حکومەتی عێراق بە بەرپرسیارانە مامەڵە بکات و خەمی هەموو مووچەخۆران بخوات بە تایبەتی مامۆستایان، بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە پەکی نەکەوێت و وەک ساڵانی پێشوو زیانی پێنەگات، چونکە بایکۆت مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی پەروەردە".
لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانەوە عەتا ئەحمەد وتی، "ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی مامۆستایان بەس هیوادارم حکومەتی هەرێم نەهێڵێت ئەوە رووبات و دەبێت خەمی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بخوات، چونکە ئەوە مافێکی یاسایی خۆیانە".
مامۆستایانی ناڕازی سوورن لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانیان و دەڵێن، "ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن تاوەکو مووچەکانیان پێنەدرێت".