دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، تانەیەکی راکان سەعید جبوری، دژی بڕیاری دوورخستنەوەی لە كاندیدبوون رەتکردەوە، هۆکارەکەشی بۆ سزادانی لە دۆسییەی گەندەڵیدا دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی بڕیارێکی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان هاتووە رۆژی ٩ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ دادگا لەسەر تانەیەکی پێشکەشکراو لەلایەن راکان سەعید جبوری، سەرۆکی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک کۆبووەتەوە.
ئاشکراشیکرد، داواکارییەکەی ناوبراو بە پێی ماددەی ٣٤٠ لەیاسای سزادانی عێراقی کە پەیوەندیدارە بە تاوانی گەندەڵی و کۆکردنەوەی سامان بە شێوەی نایاسایی و گەندەڵی دارایی بە تەواوەتی رەتکراوەتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، لە بڵاوکراوەیەدا رایگەیاند، راکان جبوری سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکوک، لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق دوورخرایەوە و مافی بەشداریكردنی وەك كاندید لێسەندرایەوە.