وەزیری کاروباری پەرلەمان لە کابینەی پێشووتری هەرێم کۆچی دوایی کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەزیری کاروباری پەرلەمان لە کابینەی پێشووتری حکومەتی کوردستان و جێگری سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان بەهۆی نەخۆشییەوە لە هەولێر گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، کۆمیتەی ناوەندی حزبی زەحمەتکێشان رایگەیاند، سەعد خالید جێگری سکرتێری حزبەکەیان دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەولێر گیانی لەدەستدا.

سەعد خالد لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٣ هەولێرە، کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ بووە بە پێشمەرگە لە ریزەکانی حزبی سۆسیالیست، لە ساڵی ١٩٩٤ بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ساڵی ١٩٩٦ بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لەکابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری هەرێم بوو بۆ کاروباری پەرلەمان و دواتر بووە جێگری سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.






AM:09:06:10/09/2025