فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران دواپێشهاتی هەردوو دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ڕۆژی ٩ی ئەیلول ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ گفتوگۆ دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، كۆنووسی هاوبەشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە ڕۆژی ٢ی ٩ی ٢٠٢٥، تایبەت بە پێشنیاریان سەبارەت بە پیادەكردنی یاسای ڕاژە و خانەنشینیی پێشمەرگە ژمارە (٣٨)ی ساڵی ٢٠٠٧ دەخرێتە ڕوو.
بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوە بریتی دەبێت لە ڕاسپاردەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، سەبارەت بە ئاسانكاریی پێشینە و قەرزەكانی تایبەت بە (خانووبەرە، كشتوكاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێكردن و گەشتیاری).
لە کۆتاییدا و لە چوارچێوەی پرۆسەی یەكخستنەوەی ڕێكارە داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵی، چەند پێشنیاز و ڕاسپاردەیەكی وەزارەتی دارایی بۆ یەكخستنی ڕێكار و ڕێنماییەكانی باج و ڕێژەكانیان، لەنێوان دامەزراوەكانی باج لە هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ دەخرێتەڕوو.