مەسرور بارزانی پەیامێک لە بارەی شۆڕشی ئەیلول بڵاودەکاتەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یادی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت'' جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرنگ و بەنرخەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە لە یەکگرتوویی و تەبایی هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی گەلی کوردستان.'' 
 
مەسرور بارزانی، ١١ی ئەیلول رایگەیاند'' بە رێز و شکۆوە یادی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول بە رێبەرایەتیی رابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، كە شۆڕشێکی سەرتاسەری خه‌ڵكی كوردستان بوو به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایین و پێکهاتە جیاوازه‌كانەوە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و وەستانەوە دژی ستەم و داگیرکاری".
 
دەقی راگەیێندراوەکە:
 
ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە، یادی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوول بە رێبەرایەتیی رابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، كە شۆڕشێکی سەرتاسەری خه‌ڵكی كوردستان بوو به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئایین و پێکهاتە جیاوازه‌كانەوە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و وەستانەوە دژی ستەم و داگیرکاری.
 
بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندین دەستکەوتی گرنگ بەدیهاتن کە گرنگترینیان رێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ١٩٧٠ و ناچارکرنی رژێمی عێراق بوو کە دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت.
 
لە٦٤ مین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرنگ و بەنرخەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە لە یەکگرتوویی و تەبایی هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی گەلی کوردستان لەپێناو داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
 
پیرۆز بێت یادی شۆڕشی مەزنی ئه‌یلوول.




AM:09:29:11/09/2025