هێزەكانی سوریای دیموکرات هەسەدە ١١ی ئەیلول، ڕایگەیاند'' هێزەکانمان لە ناوچەی دێرحافەر بەوپەڕی تواناوە بەرپەرچی هەوڵەكانی دزەکردن و دوژمنكاری تۆپبارانیان داوەتەوە، کە لەلایەن گروپە لە یاسا دەرچووەكانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە ئەنجامدراوەو، تەواوی ئەو هەوڵانەیان پوچەڵ کردووەتەوە.''
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە'' هێزەکانمان دووپاتی دەکاتەوە بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە دەستپێشخەری ئەو پێشێلکارییە دووبارەیەی كردووە، کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکات.''
هەسەدە دەڵێت'' لە هەمان كاتدا، هێزەکانمان دڵنیایی دەداتە سەرجەم دانیشتوان کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی تەواودایەو لە ئامادەباشی بەردەوامدایە، بۆ روبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەکی نوێ.''
ئاماژە بەوەشدەكات، هێزەکانیان جەخت لەسەر پابەندبونی بە ئەرکی نیشتمانی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە خاک و پاراستنی گەل، هەر هەوڵێکی دیکەی دوژمنكاری وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەدرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سوریا رایگەیاندوە'' لە هێرشێکی کتوپڕی هەسەدە بۆسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی"جەراح" و شارۆچکەی مەسکەنە لە ڕۆژئاوای حەلەب، کە تێیدا ماڵ و خانوی هاوڵاتییانی گوندەکانی ئەو ناوچەیان کردوەتە ئامانج، بەهۆیە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و سێ هاوڵاتیی دیکەش برینداربون.''
لە ڕەگەینداروەکەی وەزارەتی بەرگری سوریادا، ئاماژەیان بەوەشکردوە هێرشەکە بە چەکی قورس ئەنجامدراوە؛ تێیدا موشەک، کاتیۆشا و هاوەنیان بەکارهێناوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی مانگێکی زیاترە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەسەدە و هێزەکانی سوریا دروست دەبێت و هەر دوولا یەکتری بە پێشێلکاری و هێرشکردن تۆمەتبار دەکەن.