وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ئاشكرایدەكات تا ئێستا زیاتر لە ٦٨ هەزار كەس ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ نووسیوە و داواشی لە كەسانە كرد كە مامەڵەكانیان بە تەواونەكراوی بەجێهێشتووە، كارەكانی پێشكەشكردنی داواكارییەكە تەواو بكەن.
كاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند پرۆسەی ناونووسین بۆ حەج تاوەكو ٢٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ڕوونیشیكردەوە كە تا ئێستا نزیكەی ٤٠ هەزار داواكاری بۆ حەجكردن پێشكەش كراوە كە ژمارەیان ٦٨ هەزار و ٤٠٠ كەس دەبن و ڕۆژانەیش داواكارییەكان زیاد دەبێت.
كاروان ستونی وتیشی؛ دوای پرۆسەی ناونووسین پشكنینی ناوەكان لە ڕێگەی دەروازەی حەجەوە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری سەرپەرشتی دەكەن تیروپشك بۆ ناوی حاجیانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ئەنجام دەدرێت.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە داوای لە هاووڵاتیان كرد كە پشكینین بۆ ناوەكانیان بكەن لە ڕێگەی مۆبایلی خۆیانەوە یان لە ڕێگەی هەژمارەی دیجیتاڵی خۆیانەوە بچنە ناو سیستمەكەوه، چونكە تاوەكوو ئێستا زیاتر ٧٧٨٩ داواكاری پڕ كراوەتەوە لە خانەی پاشەكەوت كردن ماون كە دەبێت داواكارییەكان پێشكەش بكرێت ئەگەر لەو خانەیە بمێننەوە ئەوا ئەوە دەسەلمێنیت كە داواكارییان پێشكەش نەكردووە.
وتیشی: لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆجیا و زانیاری لەسەر هێڵێن تاوەكوو بتوانرێ ئەو كەسانەی كە داواكارییان پێشكەش كردووە لە خانەی پاشەكەوت كردن ماونەتەوە بە ڕێگەی مۆبایل یاخود هەژمارەی دیجیتاڵی ئاگەدار بكرێنەوە بۆ ئەوەی داواكارییەكانیان تەواو بكەن و پێشكەش بكەن.