حکومەتی عێراق بە نیازە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری کاڵاکان کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەبرێنە ناو شارەکانی دیکەی عێراق سیستمێکی نوێ پەیڕەو دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق، ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکانی یەکخستنی سیستەمی گومرگی نێوان بەغدا و هەولێر سەرکەوتوو نەبوو لەچوارچێوەی سیستەمی نوێی ئیسکۆدا کە لە عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوریەکان بەکاردەهێندرێت. بەغدا دەڵێت لە هەرێم ٢٢ بازگەی نایاسایی هەن کە کاڵا بەبێ گومرگی فیدراڵی هاوردە دەکەن.
عێراق بڕیاریداوە لەبری سیستەمی ئەلیکترۆنی (ASYCUDA) کە لە جیهاندا بەکاردێت، پشت بە تۆمارکردنی کاغەزی (وەسڵی سفرە) لەگەڵ هەرێم لەڕێی خاڵە گومرگیەکانی موسڵ و کەرکوک دەبەستێت.
بەمەش، بازرگانانی هەرێم وەک ئەوانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت کە لە دەرەوەی عێراقەوە کاڵا لە ڕێی هەرێمەوە دەهێنن، بۆ گواستنەوەی بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق دووچاری ڕۆتینیاتی زیاتر دەبنەوە، بۆ ئەوەی بسەلمێندرێت، کاڵاکان بە قاچاخ لە هەرێمەوە هاوردە نەکراون.
دەستەی گشتی دەروازە سنوریەکانی عێراق ڕایگەیاندووە لیژنەیەکیان بۆ چارەسەری کێشەکە پێکهێناوە، ئەگەر بگاتە ئەنجام داهاتی گومرگی لە عێراق بۆ ٨.٥ ملیار دۆلار بەرزدەبێتەوە.