ڕێنمایی بۆ لێخۆشبوونی قەرزەکان دەردەچێت و پێبژاردن نامێنێت

هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، ڕێنمایی بۆ لێخۆشبوونی لە ١٥%ی قەرزی سەر هاووڵاتییان دەربکات.

بە گوێرەی میدیای یەکێتی هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و لە کۆبوونەوەکە ڕێنمایی بۆ لێخۆشبوونی ١٥% قەرزە حکومییەکانی سەر هاووڵاتییان دەردەکات.

هەربەگوێرەی زانیارییەکان، لە ڕێنماییەکاندا مەرجی لێخۆشبوونی لە ١٥% قەرزەکان، دانەوەی سەرجەم قەرزەکانی کەڵەکەبووە تا کۆتا ڕۆژی ئەمساڵ، لێبخۆشبوونەکە قەرزی خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی، نیشتەجێکردن و گەشتیاری دەگرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، بەمەبەستی ئاسانکاریی دانەوەی پێشینە و قەرزەکانی تایبەت بە بوارەکانی (خانووبەرە، کشتوکاڵ، پیشەسازی و نیشتەجێکردن و گەشتیاری) کە پێشتر بە هاووڵاتییان دراوە، بڕیاردرا بە لێخۆشبوونی 15٪ ئەو پێشینە و قەرزانە، سەرەڕای لێخۆشبوون لە تەواوی سوودی بانکی و پێبژاردنی دواکەوتنی دانەوەی قەرزەکان و لێخۆشبوونەکە تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەرکاردەبێت.




PM:02:23:12/09/2025