دەوڵەت باخچەلی: پێویستە ئەحمەد تورک بگەڕێتەوە سەر پۆستەکەی وەک سەرۆکی شارەوانی مێردین

سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) رایگەیاند" ئەحمەد تورك، هاوسەرۆكی لەكارلادراوی گەورە شارەوانیی مێردینی دەم پارتی، رۆڵی هەبوە لە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیاو دەبێت بگەڕێنرێتەوە سەر پۆستەكەی".

هەینی ١٢ی ئەیلول دەوڵەت باخچەلی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "سەباح"ی توركی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری لە توركیا رایگەیاند" لیژنە پەرلەمانییەكەی خەریكی كارەكانی خۆیەتی و كاتێك لیژنەكە ئەو بابەتانەی كە رێككەوتنیان لەسەر دەكات، دەنێرێت بۆ پەرلەمان، ئەو كات ئەو بابەتانە لەناو پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت و یاسای پێویستیان بۆ دەردەكرێت و لە كۆتاییدا "پڕۆسەی توركیای بێ تیرۆر بە سەركەوتویی كۆتایی دێت."

سەرۆكی مەهەپە ئاماژەی بەوەشداوە، "ئاشتی كۆترێك نییە كە یەك باڵی هەبێت، بەڵكو پێویستی بە باڵی دوەمە بۆ فڕین، ئۆجەلان یەكێك لە باڵەكانی بەدیهێنا، پەكەكەی هەڵوەشاندەوەو چەكیان دانا، ئێسا گەیشتوینەتە قۆناغی پێكەوەژیان، لیژنە پەرلەمانییەكەش خەریكی كارە بەرهەمدارەكانییەتی".

هەر لەو چوارچێوەیەدا، باخچەلی وتویەتی"ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی مێردین بو، بەڵام لەسەر كارەكەی لادرا. ئەو رۆڵی هەبو لە بونیادنانی گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكە بۆ گەرەنتیكردنی ئاشتی و ئارامی لە توركیا، لەم دۆخەدا دەبێت ئەحمەد تورك بگەڕێنرێتەوە سەر پۆستەكەی و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ شارەوانییەكەی، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لە گەشەپێدانی گیانی برایەتی و ئاشتی."




PM:04:37:12/09/2025