هۆشیار زێباری: لەڕووی ئابورییەوە عێراق سەرمایەدارانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت

هۆشیار زێباری، ١٢ی ئەیلول لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی ناشوناڵ، ڕایگەیاند'' حکومەتی عێراق نیازی پاکە و دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بەرەو پێشەوە بچێت، پێویستە ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیرییەکەی.'' 

 وتیشی'' عێراق پێشهاتی فراوان بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمساڵ عێراق هەڵبژاردنی نیشتمانی ئەنجام دەدات بۆ هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ و لەڕووی ئابورییەوە عێراق سەرمایەدارانی بیانی بۆ خۆی رادەکێشێت، ئەوەش بە پلەی یەکەم بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنی لە سەرتاسەری وڵات و کەمبونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان و نائارامییەکان دەگەڕێتەوە.'' 

زێباریی هۆشداریشیدا لەوەی، هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکەوانەکان كە وەبەرهێنانەکانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستانی به ئامانجگرت، رەنگە زیان بە متمانەی وەبەرهێنەران بەگەیەنێت.

 ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لەم دۆسیەیە کرد، بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، ناوی  تاوانبارانی دەستنیشان نەکرد، ئەوەش بۆ وەبەرهێنەران بێهیواکەرە.




PM:09:28:12/09/2025