شارەزایەکی کەشناسی پێشبیئنی دەکات بەلەبەرچاوگرتنی نەخشە کەشناسییەکان پاییزی ئەمساڵ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کەم باران بێت.
شەممە ١٣ی ئەیلوول ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی لە لاپەری تایبەتی خۆی لە فەیس بووک بڵاویکردەوە" پێشبینی دەکرێت پایزی ٢٠٢٥ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران بەگشتی پایزێکی کەم باران بێت و بەتایبەت ئەو بارانانەی سەرچاوەکانیان شێی کەمەرەییە و لەدەریای سوورەوە دەگاتە ناوچەکە ژمارەیان کەم ئەبێت و لاواز ئەبن".
ئەو شارەزا کەشناسییە دەشڵێت" لەهەمان کات پێشبینی ئەکرێت ناوچەکانی دەریای ناوەراست و تورکیا و سوریا و باکوری کوردستان بارانبارینی سەروو ئاستی ئاساییان هەبێت ئەمەش نارێکی بارانبارین دروستدەکات لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە ئەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێر ناوچە شاخاویەکانی باکوری هەرێم بەگشتی بارانبارینیان لە وەرزی پایزدا باشتر بێت بەبەڕاورد بە ناوچەکانی پاڕێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و کەرکوک بەگشتی باشوری هەرێم ".
سەبارەت بە پلەکانی گەرما ئەو شارەزا کەشناسییە کوردە دەڵێت" پلەکانی گەرما بە تێکرا بۆ پایزی ئەمسال نزیک ئاستی ئاسایی ئەبێت و هاتنی بارستە هەوا ساردەکان ژمارەیان زیاتر ئەبێت بەبەڕاورد لە پایزەکانی ڕابردوو بەم شێوەیەش لە هەندێ ماوەی ئەم وەرزەدا ئەگەر هەیە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی زۆر بۆ خوار ئاستی ئاسایی نزمببنەوە و هەندێ حاڵەتی دەگمەنی سەرما و بەفر پێش وادەی خۆی ڕووبکاتە ناوچەکانمان".
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشیدا ئاراس جەبار رایدەگەیەنێت" پێشبینی و ئەگەرە بەهێزەکان تا ئەم کاتە بۆ وەرزی پایز بەم شێوەیەن کە لەسەرەوە خستمانەڕوو ، سەبارەت بە وەرزەکانی دواتر ناروونی گۆڕانکاری هەیە و ئەنجامەکانیش بەجۆرێک دیارنین کە بتوانین لە ئێستاوە بۆ وەرزی زستان و بەهار زانیاریمان ببێت بۆیە بەباشی ئەزانین کە لەبارەی ئەو دوو وەرزە لەم کاتەدا هیچ زانیاریەک بڵاونەکەینەوە و لەکۆتایدا والله اعلم و ان شاو الله وەرزی نوێ لەناوچەکانمان جیاواز ئەبێت و کۆتای ئەهێنێ بە وشکە ساڵی".