ئەمڕۆ شەممە ١٣ی ئەیلول لە (٣٣)هەمین فێستیڤاڵی کەلتوریی کورد لە شاری دۆرتموندی ئەڵمانیا، پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان خوێنرایەوە، تیایدا ئۆجەلان ڕایگەیاند” فێستیڤاڵە کەلتوورییەکان، تەنها چالاکییەکی کەلتووریی نین، بەڵکوو وەک ئیرادەیەک بۆ زیندووهێشتنەوەی ریشەی گەل لە تاراوگە.”
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو گەلەی بەهۆی ناچاریی و فشارەوە روویکردووەتە تاراوگە، لەڕێگەی کەلتوور و زمان و رەنج و هونەرەوە، ریشەی خۆی پاراستووە.
ئۆجەلان دووپاتی دەکاتەوە، زۆر پێویستمان بەو ئەزموون و پشتیوانیەی ئێوەیە کە بە تێکۆشانی خۆتان لە ئەوروپا بەدەستتان هێناوە. ئەم وڵاتە پێویستی بە ئازادی و دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێیە.
دەقی پەیامەكەی ئۆجەلان:
هەڤاڵانی هێژا...
ئێوەی ئەوروپانشین، بەهۆی ناچاریی و فشارەوە ڕووتانکردووەتە ئەوێ، وەلێ بە بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆسەیەی کە ئێمە دەستمان پێ کردووە، گەڕانەوەی ئێوە بۆ وڵات دەبێتە دەروازەی سەرەتایەکی نوێ.
سەرباری هەموو زەحمەتییەکان، لەڕێگەی کەلتوور و زمان و ڕەنج و هونەری خۆتانەوە، توانیتان ڕیشەی خۆتان بپارێزن، لە هەموو زەمینەیەکدا بەردەوامبوون لە تێکۆشان.
ئەمڕۆ بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە وڵاتەکەماندا، زۆر پێویستمان بەو ئەزموون و پشتیوانیەی ئێوەیە کە بە تێکۆشانی خۆتان لە ئەوروپا بەدەستتان هێناوە. ئەم وڵاتە پێویستی بە ئازادی و دیموکراسی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێیە. ئەم پرۆسەیە بە بەشداریی تاراوگەنشینان بەهێزتر دەبێت.
ئەم پرۆسەیەی کە هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدەین، سەرلەنوێ هەموومان بە ڕیشە و خاک و یادگەمانەوە گرێدەداتەوە. کۆبوونەوەتان لە فێستیڤاڵێکی کەلتووریی لە ئەوروپا، تەنها چالاکییەکی کەلتووریی نییە، بەڵکوو هاوکات ڕەنگدانەوەی ئیرادەیەکە بۆ زیندووهێشتنەوەی ڕیشەی گەلەکەمان لە تاراوگەدا.
لەڕێی سیاسەتی ئەنقەست و مەبەستدارەوە، دینامیزمی گەنجانی وڵات ئاڕاستەدەکرێت بۆ دەرەوەی وڵات. بۆ رێگرتن لەم سیاسەتانە، پێویستە پەرە بە بەرنامەیەکی فرەلایەن بدرێت. لەم هەلومەرجەدا، پێویستە ئامانجی سەرەکییمان تێکۆشان بێت لەسەر خاکی خۆمان.
ئەو دەمەی پێکەوەین، لە تاراوگە بێت یان وڵات، هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم ڕێپێوانە بوەستێنێت. هەرکات ئەو میراتە کەلتووریی و سیاسییەی ئێوە ئافراندووتانە لەگەڵ ئەم تێکۆشانەدا یەکبگرێت کە ئێمە پەرەی پێ دەدەین، ئەوکات سەردەمێکی نوێ لەسەر ڕێگەی ئازادی و دیموکراسی دەست پێ دەکات.
لەگەڵ خۆشەویستی و باوەڕ و یەکگرتنێکی جوان...
عەبدوڵا ئۆجەلان
دوورگەی ئیمراڵی