ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا یەک شەممە ١٤ی ئەیلول ڕایگەیاند'' پێویستە گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بكرێت بۆ دڵنیابون لە گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ پرسی کورد.''
ئەنەکەسە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە'' ئەنجومەنەکەیان دوبارە جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبونی هاوکاری و کاری هاوبەش لە نێوان هەمو پێکهاتەکانی گەلی سوریا دەكاتەوە، بە شێوەیەک کە دڵنیایی بدات لە بەدیهێنانی ئاواتەکانی هەموان لە دەوڵەتێکی دیموکراسی فرە پێکهاتە کە هەمو پێکهاتەکانی سوریا لەخۆ بگرێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر قۆناغی بنیادنانی دەوڵەتی نوێی سوریا کە پێویستی بە بەشدارییەکی کارا و گشتگیر هەیە لە هەمو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سوریا لە داڕشتنی وێنەی داهاتو.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گەلی کورد کرد لە پەرەپێدانی ژیانی سیاسی لە سوریا سەرەڕای ئەوەی کە ڕوبەڕوی پەراوێزخستن و نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی بوەتەوە.