وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، بودجەی ساڵی داهاتووی بە زیاتر لە ٩٦٠ ملیار دۆلار دیاری کردوە و هاوکارییەکانیش هەریەکە لە هێزەکانی پێشمەرگە و هەسەدە و هێزە ئەمنییەکان لە خۆدەگرێت و بودجەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆرترینە.
دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تەرخانکراوی دارایی وەزارەتی جەنگی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پەسەند کرد، ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە زیاتر کردووە، لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەسەدە کەمکراوەتەوە.
بە گوێرەی ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، لە بودجەی ساڵی ئایندەدا، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، زیاتر لە ٦١ ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردن و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە تەرخان دەکات، ئەمە لە کاتێكدایە لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ دا کەمتر لە ٦٠ ملیۆن دۆلار بوو.
دابەشکردنی بودجەکەش بۆ هێزی پێشمەرگە بەم شێوەیەیە، زیاتر لە ١١ ملیۆن دۆلاری بۆ چەک، پێنج ملیۆن و ٣٢١ هەزار دۆلاری بۆ تەقەمەنی، ٢٧ ملیۆن و ٥٠٧ هەزار دۆلاری بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی و ١٧ ملیۆن و ١٠٦ هەزار دۆلاری دیکەشی بۆ جلوبەرگ و کەرەستەی دیکەیە.
لە بەرامبەردا ئەمریکا ١١٤ ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی بەرگریی عێراق و هێزە ئەمنییەکان تەرخان کردووە و لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هاتووە، هاوکارییەکانی پنتاگۆن بۆ هەسەدەش بەردەوام دەبیت لە ساڵی ٢٠٢٦ و ١٣٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکردوە.