ئەوانەی لە سعودیە دەستگیرکراون عومڕەکاری هەرێمی کوردستان نین

دوو شەممە ١٥ی ئەیلول، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی رایدەگەیەنێت'' کە ئەو چەند کەسەی لە سعوودیە دەستگیر کراون بە تۆمەتی بردنی ماددەی هۆشبەر هاووڵاتی و عومڕەکاری هەرێمی کوردستان نین و خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عیراقن.''

بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئەوە روون دەکاتەوە کە سەرجەم کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە و خاوەن کۆمپانیا بەرێزەکان بەو پەرێ رێزەوە پابەندن بە رێنماییەکانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.

حەج و عومرە دەڵێت'' هەرێمی کوردستان نە لە نزیک نە دوور پەیوەندی بەو پرسەوە نییە و بەداخەوە ئەگەر بەهەر جۆرێک ناوی پارێزگایەکی هەرێمی کوردستانیش بهێنرێت هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە و ئەو کەسانەی لە شاری مەدیینە دەستگیر کراون وێنەکانیان لە میدیا سعوودی و جیهانییەکان بڵاوکراونەتەوە ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەمانە دانیشتووی کام شوێن و کام ناوچەن.'' 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە کۆتایدا رایدەگەیەێنت کە پەیوەندی و هەماهەنگیییەکی توندو توڵ و پتەومان لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراق و هەموو دەزگاکانی دیکەی حکومەتی فیدراڵ هەیە و هەر رێنمایەکیش لە دەستەی حەج و عومڕەی عیراقییەوە دەرچووبێت وەکوو خۆی جێ بەجێ کراوە. 




PM:05:39:15/09/2025