ئەندام پەرلەمانێکی عێراق ئاشکرای دەکات سبەینێ سێشەممە ئەنجومەنی دەوڵەت بۆچوونی خۆی سەبارەت بە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەدات.
دووشەممە ١٥ی ئەیلول نەرمین مەعروف ئەندام پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند کە ئەنجوومەنی دەوڵەت تا رۆژی سێشەم رای خۆی لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات، پرسیش بە هەرێم دەكرێت و ئەندامیان بەشداریی كۆبوونەوەكان دەكەن، ئەگەر لەگەڵ شاندەكەی هەرێم نەگەیشتنە ئەنجام، خۆیان راپۆرتیان دەدەنە حكوومەت.
ئەو ئەندام پەرلەمانی عێراق وتیشی" ئێوارەی دوێنێ كۆبوونەوەیەكی گرنگ و باڵا لە نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێم كراوە و وەزیرە كوردەكانی عێراقیش ئامادە بوون لەو كۆبوونەوەیە، حكوومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە ئەو بڕە نەوتی خۆی بەرهەمی دەهێنێت، ٥٠ هەزار بەرمیلەكەی بۆ هەرێم گل دەدەنەوە و ئەوی تری رادەستی سۆمۆ دەكەن، بەڵام بەمەرجی ئەوەی یەكڕاست تەمویلی مووچە دەست پێ بكات و داهاتی نانەوتی نەبێتە كێشە بۆ مووچە، عێراقیش بەوە رازی بووە".
هەروەها ڕاشیگەیاند" حکومەتی هەرێم نەرمی زۆر نواندووە لەپێناو قوت موچەی خەڵکی کوردستان، وتیشی ئەگەر کێشەی داهاتی نانەوتی و نەوتی چارەسەر کرا بەدڵنیایەوە هیچ موچەیەک نافەوتێت و سەرجەم مووچەکان دابەش دەکرێن".
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاند کە زۆربەی کێشەکان بۆ هەناردەکردنەوەی ناوتی هەرێم چارەسەر کراوە و بەزوویی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.