بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی: هەفتەی داهاتوو شایستە داراییەکانی جوتیاران دابەشدەکرێت

پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەمنزیکانە لە بەغداوە دەگات و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەسەر جوتیاران دابەشبکرێت. 

سێشەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند'' بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە دارایییەکانی جووتیاران بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان.''

وەزارەتەکە جەختدەکاتەوە، هەر بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە، راستەوخۆ بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، شایستە داراییەکان بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.
 
هەر سەبارەت بە پارەی گەنمی جوتیاران، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی دەڵێت'' بڕیارە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەم چەند رۆژەدا بنێردرێت کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٥٠ ملیار دینار بێت.'' 

بەڕێوەبەرەکە ئەوەشی ئاشكراکردوە کە لەو بڕە، پشکی پارێزگای سلێمانی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاترە، تەنیا بۆ سلێمانی وەکو بەشی یەکەم، بڕی ٢٥ ملیار دینار تەرخان کراوە. 
 
نەسرین ئەحمەد دڵنیایدا بە جوتیاران، ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە پێشەوە، سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکارەکان جێبەجێ دەکەن و ئەگەر پارەی کاش لە بانکەکان هەبێت، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. 
 
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ١٥٨ هەزار تۆن بوو،  بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی دەڵێت'' ئەگەر ئەو ٢٥ ملیار دینارە دابەش بکرێت، هێشتا ١٠٨ ملیار دیناری دیکە دەمێنێت.'' 




AM:08:56:16/09/2025