رۆژنامەی شەرقولئەوست: ئەمریكا متمانەی بەهێزە ئەمنیەكانی عێراق نییە

سێشەممە ١٦ی ئەیلول، رۆژنامەی شەرقولئەوست ڕاپۆرتێکی لەسەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بڵاودەکاتەوە، بەپشتبەستن بە سەرچاوەکانی ئاشكرایدەکات کە ئەمریکا متمانەی بەهێزە ئەمنییەكانی عێراق نییە زیاتر پشتگگیری هەرێمی کوردستان. 

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا، لێدوانی کیفاح مەحمود، راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی، وەرگرتەوە، کە دەڵێت'' گرنگیدانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدان و هاوکاریکردنی هێزە کوردییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بێ متمانەیی و ترسی واشنتۆن لە بەغدا بەهۆی پەرشوبڵاوی ئەمنی و هەژموونی گروپە چەکدارەکان.'' 

سەبارەت بە دواین پێشهاتی کشانەوەی هێزەکان ئەو ڕاوێژکارە باسی لەوەشکردەوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و جێگیربوونیان لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە بۆ ئێران و عێراق کە ئەمریکا پارێزگاری لە هەژموونی خۆیدەکات و ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەگەری پێکدادانی سەربازی نوێ لەگەڵ تاران. 

لە بەدواداچوونی ڕۆژنامەکە، ئەوەش هەیە کە بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا پێشکەوتنێكی روونی لە هاوکاری دارایی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەیە، لە بەرمبەردا ئەم هاوکارییەی بۆ هێزە عێراقییە فیدراڵییەکان كەمكردووەتەوە. 

بەگوێرەی بودجەی نوێی ئەمەریکا، ٦١ ملیۆن و ١٤٠ هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتی  هێزی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٢٦ تەرخانکراوە، کە ٤،٧ ملیۆن دۆلار بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٥ زیادی کردوە. 

لەكاتێكدا پاڵپشتی دارایی بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق لە  ١٨٩.١ ملیۆن دۆلار لە بودجەی ٢٠٢٥ بۆ تەنها ٤٨.٢ ملیۆن دۆلار لە بودجەی ٢٠٢٦ کەم دەکرێتەوە.

بە وتەی چاودێران بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوست، زیادبوونی هاوکارییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە ڕەنگدانەوەی خواستی ئەمریکایە  ۆ گۆڕینی هەرێمی كوردستان بۆ ناوەندێکی سەرەكی لە ناوەندەكانی دژە تیرۆر لە ناوچەکەدا.




AM:09:27:16/09/2025