ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و باژێڕوانی سلێمانی ئاسۆ رەحیم رایگەیاند" ئەو هەواڵەی دوورە لەراستیەوەو ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لە کار نەکێشاوەتەوە".
ئاسۆ رەحیم ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان و باژێڕوانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ سپی میدیا وتی" ئەوانەی کاک نەوشیروان بناسن کاک نەوشیروان بە نهێنی قسەی وا ناکات، بۆیە ئەو هەواڵە دوورە لە راستیەوە".
هاوکات وتیشی " رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بڕوای تەواوی بەدەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە لەکوردستاندا، بەڵام هێشتا پێویستی زۆرمان بە کاک نەوشیروان ماوەو زۆر ئەرک ماوە کە لەگەڵ گۆڕانخوازاندا ئەنجامی بدەن، ئەگەر بیرۆکەیەکی واشی هەبێت بە هیچ جۆرێک لەلایەن جڤاتەوە لێی قبوڵ ناکرێت".
ئەو لەدرێژەی لێدوانەکەیدا وتی " هەرچەندە کاک نەوشیروان هیچ بیرۆکەیەکی وای نییە، ئەگەر هەیبێت بە ئاشکرا رایدەگەیەنێت و دێتە جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ هاوڕیکانیدا لە جڤات قسەیان لەگەڵ دەکات".
ئاسۆ رحیم وتیشی "ئەوەی کاک نەوشیروان بناسێت هەواڵی وا دانارێژێت، ئەو کەسێکە هێشتا بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد زۆر ئیش و کاری بە کاک نەوشیروان ماوە".
رووداو لە میانەی هەوڵەکانی ئەمرۆیدا، باس لەوە دەکات دوای هەڵبژاردنەکانی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا دەست لە رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە دەستلەکاردەکێشیتەوە.