کەشناسێک: شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە هەرێم دەکات

چوار شەممە ١٧ی ئەیلولی ٢٠٢٥، کەشناسێکی زانیاری گرنگ سەبارەت بە هاتنی هەوای سارد و خۆڵبارین و چالاکبوونی بای بەهێز ئاشکرادەکات 

ئاراس جەبار بڵاویکردەوە، لە دوو سبەی رۆژی هەینیەوە ١٩ ی ئەیلول بارستە هەوایەکی وشک و سارد لە وڵاتانی باکوری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە دەگاتە سەر ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و زۆرێکی وڵاتانی ناوچەکە و ئەبێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لەپلەکانی گەرما بۆ خوار ئاستی ئاسایی و هەستکردن بە کەشێکی پایزە و لەشەوانیشدا هەست بەسەرما دەکرێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەتایبەت لەنیوەرۆی رۆژی هەینیەوە بای رۆژئاواو و باشوری رۆژئاوا چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥ تا زیاتر لە ٤٥کم لە کاتژمێرێکدا و لەناوچە سنوریەکانی رۆژئاوای عێراق خێرای باکە توند و چالاکتر ئەبێت و ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی زۆر لە بیابانەکانی ئەو ناوچانەوە. 

پاشان لە ئێوارەی رۆژی هەینیەوە ئەو شەپۆلە خۆڵبارینە بەرێژەیەکی مامناوەند بۆ چر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە بەتایبەتیش ناوچەکانی باشوری هەرێم ، کاریگەری خۆڵبارینەکە تا ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوامی ئەبێت و پلەکانی گەرماش بەردەوام ڕوو لەنزمبوونەوە دەکات بەدرێژای ئەو ماوەیە تا ناوەراستی هەفتەی داهاتوو. 

ئاراس جەبار باسی لەوەشکرد لە ئێوارەی رۆژی یەکشەمەوە ٢١ی ئەیلولەوە بای باکوری رۆژهەڵات بە هەوایەکی وشک و ساردەوە بەخێرای  ١٥تا ٥٠ تا کم چالاک ئەبێت بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و بەگشتی ناوچە شاخاویەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم لە ئەنجامدا لەو ناوچانەدا کەشەکە زیاتر سارد ئەبێت و هەست بەسەرمایەکی زۆر دەکرێت لە شەودا و کاریگەریەکانی تا چەند رۆژێک بەردەوامی ئەبێت .

 بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراو لەماوەی کاریگەری ئەو بارستە هەوا ساردەدا بەم شێوەیە ئەبێت
سلێمانی ٢٩ بۆ ٣٠ پلە 
ھەولێر ٣٢  بۆ ٣٣ پلە
دھۆک ٣٠ بۆ ٣١ پلە 
ھەڵەبجە ٣٠ بۆ ٣١  پلە
کەرکوک ٣٢بۆ ٣٤ پلە
ئیدارەی گەرمیان ٣٣ بۆ ٣٥ پلە
ئیدارەی راپەرین ٣٠ بۆ ٣١ پلە
ئیدارەی سۆران ٢٨ بۆ ٣٠  پلە
ئیدارەی زاخۆ ٣١ بۆ ٣٢ پلە 




PM:06:17:17/09/2025