مووچه‌ی مانگێکی سه‌دان فه‌رمانبه‌ر خه‌رج ده‌كرێت

حکومەتی هەرێم بەنیازە کێشەی مووچەی ژمارەیەک فەرمانبەر چارەسەر بکات کە راژەکەیان گواستراوەتەوە و مووچەی مانگێکیان وەرنەگرتوە.

چوارشەممە ١٧ی ئەیلول میدیای پارتی بڵاویکردەوە کە حکومەتی هەرێم  لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی ژمارەیەک لەو فەرمانبەرانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕاژەکانیان گواستووەتەوە و تا ئێستا مووچەی یەک مانگیان وەرنەگرتووە.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەک باسی لەوە کردوە کە داتای ورد لەسەر ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە لەبەردەستدا نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەکەیان زیاتر لە ٥٠٠ کەس بێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران، بەتایبەتی ئەوانەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی دیکە گواستراونەتەوە، بەهۆی دواکەوتنی مامەڵە کارگێڕییەکانیان و ناتەواوی لە سیستمی مووچەدا، تا ئێستا مووچەی مانگێکیان وەرنەگرتووە.




PM:07:50:17/09/2025