بەپەلە..ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بڕیار دەدات

پێنجشەممە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت تایبەت بە پرسی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمی كوردستانكۆتایی هات.

ئەنجومەنی دەوڵەت لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆچوونی خۆی لەبارەی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم دەردەبڕێت و بە نوسراو ئەم بۆچوونە ئاڕاستەی حكومەتی فیدراڵ دەكاتەوە، چونكە لە بنەڕەتەوە لەسەر داوای حكومەتی فیدراڵ ئەم بۆچوونە دەخاتەڕوو. 

بڕیارە لە نوسراوەكەیدا، ئەنجومەنی دەوڵەت بە وردی دیاری بكات كام لە داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكی حكومەتی فیدراڵی تێدایەو پشكەكە چەندە.

بۆچوونی (ئەنجومەنی دەوڵەت) هەرچییەك بێت، دەبێت حكومەتی فیدراڵ پێوەی پابەند بێت، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ دوای ناردنی بۆچوونی ئەنجومەنی دەوڵەت، كۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەم پرسە رێكدەخرێت یاخود لە كۆبوونەوەی ئاسایداو لە سێ شەممەی ئایندە حكومەت بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوە. 

سێشەممەی ڕابردوو ٩ی ئەیلول ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاریدا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە ڕووی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات کامە داهاتی فیدراڵییە و کامەش داهاتی فیدراڵی نییە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا.




PM:01:02:18/09/2025